دەق

کورد کوژی…

من: مامۆستا کورد کوشتن حەڵاڵە؟

مامۆستا: ئەگەر خوا رەزای لە سەر بێت، بەڵێ کوشتنی حەڵاڵە وەک شیری بەری دایک

من: باشە بۆ؟ خۆ کورد بە عام موسڵمانە

مامۆستا: ئەوە فەرمانی خوایە

من: خوا ڕقی لە کوردە؟

مامۆستا: خوا ڕقی لە کورد نییە، خوا ڕقی لەو کوردانەیە وا باسی ئازادی و سەربەخۆی و مافی نەتەوەی و زمانی دایکی و ئەو قسە قوڕانە ئەکەن. خوای پەروەردەگار ئەو کوردانەی خۆش ئەوەت وا ریش پان دەکەنەوە و دەشداشە لە بەر ئەکەن و بە عەرەبی و فارسی و تورکی قسە دەکەن.

من: دووبارەی دەکەمەوە خۆ کورد بە عام موسڵمانە بۆ فەرمانی جیهادتان داوە؟

مامۆستا: کورد کوشتن لەم ئەم سەردەمەدا تامێکی تایبەتی هەیە و لەگەڵ کوشتنی خەڵکی تر جیاوازە

من: چین ئەو خاڵە جیاوازانە؟

مامۆستا: چاو لێکە ئێمە تاکوو ئێستا هەر کەسمان کە کوشتووە یا هێزی نیزامی وڵاتانی روژئاوای بوون یان لەو موسڵمانانی وا خەیانەتیان بە دین کردوە. هەژمارێکیان شێعە بوونەو و دەستێکیان ئەو کەسانە بوون کە فەرمانەکانی خوای پەروەردەگاریان بە ڕێک و پێکی بە ڕێوە نەبردووە. شێوازی کوشتنەکەیشیان  یا بە تەقەی تفەنگەکانمان بووە یا لە ڕێگای تەقینەوە و هێندێ جاریش برادەران رەزای خویان لە سەر بێت زەحمەتیان کێشاوە و سەریان بڕیون. هەر جاریش کە ئەم کارانە مان کردووە چەن وڵاتی دوونیا دەنگیان دەر هاتووە و دەستیان بە هات و هاوار کردووە کە بۆ وا لەو خەڵکە دەکەن و تەنانەت عولامای دینیش جار و بار بەرانبەرمان وەستاون. بەڵام تۆ ئێستا چاو لێ کە ئێمە تاکوو ئێستا ئاوا بە شێوازی بەرفراوان کوردمان نەکوشتبوو و نەمان دەزانی کە ئاوا بەخۆشە ئەو کارە، لەبەر ئەوە وەکوو وتم زۆربەی ئەو کەسانی کە پێشوو تر بە فەرمانی خودا لە نێومان دەبردن سونی مەزهەب نەبوون و بەگشتی پیاوی شەڕکەر و هیزی دژ بە ئێمە بوون.

ئەمە ئازمونێکی نوویە بۆ ئێمە لەبەر ئەوەی ئەو کوردانی وا ئێمە دەستمان داوەتە کوشتنیان سونی مەزهەبن و هێزی چەکداریان بۆ دژایەتی ئێمە ساز نەکردوە و تا ئێمە هێرشمان نەکردبێتە سەریان خوا هەڵ ناگرێ پەلاماریان نەداوین، زۆمان هەوڵ دا کە هێزە چەکدارەکانیان بگرین و بەپێی یاسا فەرمانی خوایان لە سەر ئیجرا بکەین بەڵام بە داخەوە بۆمان جێ بە جێ نەبوو و دەستمان بە کوشتنی ژن و منداڵەکانیان کرد. خودا دەیزانی هەتا ئەمڕۆ نەم زانی بوو کە کوشتی ئەو ژن و منداڵە چەندە بە تام ترە لە کوشتنی خەڵکانی تر. کاتێک دوای بە ڕێوە چوونی فەرمانەکە لە ڤیدیۆکان دا چاو جەنازەو لاشەی بێ گیانی ئەو منداڵانە دەکەم نازانی چەندە خۆشحاڵم کە نەم هێشتووە گەورە ببن و توشی و گوناح بن و خوای ناکەردە دوای مردنیان توشی ئاورێ جەهەندم بن.

خاڵێکی بە هێزی تری خۆشی بە ڕێوە بردنی حوکمی خوا لە سەر کوردان ئەوەیە کە هیچ وڵاتێکی بێگانە نایەت بیانکاتە هەواڵ و مانشێتی رۆژنامە کان، دام و دەسگا نێونەتەوەیەکانیش گوێ خۆیانێ لێ کەڕ دەکەن و بەگشتی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی هەڵدەبژێرن و ئەویش خۆی دەستمان ئاواڵە تر دەکات بۆ تەجروبە کردنی ئەم قۆناغە نوێیە.

لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە کە هیچ کام لە عولەمای دین و مامۆستایانی ئایینی لە هیچ مەنبەرێکەوە ڕەخنەمان لێ ناگرن و ئایەتێک یان حەدیسێک شتێک نادۆزنەوە کە دەست و باڵمانی پێ تەنگ بکەن. هەر لە بەر ئەم شتانە کە بەڕای من و زۆر بەی هاو بیرانم ئەمە دەتوانێت وەکوو دەرفەتێک بێت بۆمان کە بتوانین بە جوانی و رێک و پێکی حوکمەکانی خوای گەورە لە سەر خاکی کوردستان بەڕێوە ببەین و جێگەی رەزامەندییە کە برادەرانی موسڵمانی  کوردیش بە بێ لە بەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئەوانی بەرانبەریشیان وەک خۆیان کوردن یارمەتیان داوین.

 

Advertisements

تاوان

– زێنەب…؟ زێنەب …؟

– بەڵێ ئەوە هاتم… ئەوە چییە ئەو هات و هاوارە؟

– وەرە دەستم شکا

– ئەوە هاتم… ئەوە چییە ماڵت بە قوڕ نەگێری ئەو گرمە گرمە؟

– نەخەیر قوربان هێشتا جەنابت ناقایلی، باشە خۆت بۆ نەهاتی بۆ بازاڕ؟

– من تازە لە ڕووم هەڵ ناێ بێم بۆ بازاڕ

– بۆ؟

– نایەم و ئا

– یانی چی؟ ئەو قسە قۆڕانە چییە؟

– یانی هەر ئەوەی وا بیستت

– وەڵا باشە …  بەز نییە حیز و دز نەبووم دەنا لە خۆم بەشک دەکەوتم

– بێنە بۆم بێنە سەر ئەو پیلکانانە دای نێ

– بۆ ڕووت نییە بیت بۆ بازاڕ؟

– بۆ رووم بێت؟

– لە دینم بە دەر مەکە دەڵەی چی بووە ؟

– جا من کارم چییە، ئەوە خۆت لە خەڵکی گەڕەکەکی دەبیسیتەوە

– بۆ بەخێر خەڵکی گەڕەکەکە دەبێ قسەم بۆ بکەن؟

– ئەی بۆ نا، قسەکە لەمنەوە بکرێت دواتر هەر ئەو خەڵکە ئەڵێن ئەوە براژنەکەی بوختیانی بۆ کرد

– براژنی چی؟ بوختیانی چی؟ ئەوە باسی چی ئەکەی؟

– دادە نا چیمەن خانمی خۆشکت…

– چیمەن چی؟

– حەیای بۆ نەهێشتووین هەرکوێ ئەچی باس باسی خۆیەتی

– باسی چی؟

– ئەوە دوو سێ رۆژ بوو دەم زانی شتێک قەوماوە، ژنانی گەڕەکەکە یەک دانەیشتان مەرحەبای سەرە ڕێگایشم ناکەن، ئەی خوا من بکوژێت باشە وا بوومە جێی تانە و تەشەری هاجەرە سیس و خەرامانە لچ کورێرە

– دەی …؟

– دەی گیان، کوڕی ماڵی عەلی قاییش ماڵە و ماڵ و کۆڵانە و کۆڵان خانمی خۆشکت ئەگێڕێت

– ئەوە ئاگات لە خۆتە ئەزانی چێ ئەڵێیت؟

– نا مەستم وەکوو تۆ، خوا خۆی ڕەحمی کرد کاکە فایەقی ئامۆزام هات و بۆی باس کردم دەنا دەبوو چەند مانگی تر زۆڵەکەی خانمیشمان بەخێو کردایێت

– ئەی ماڵی وێرام… ئەی حەیاچوو خۆم، قوڕی کوێ بە سەر خۆم دا کەم؟

– قسەکە لە زمانی منەوە نەبێت

– ئەوە دەڕۆم چاری دەکەم…

– وەرە کەریم نەڕۆی ئێستا ڕقت هەستاوە دواتر منیش لە گەڵت دێم… کەریم …

– ………

– ئەوە چییە ڕۆڵە؟ درگاکەت لە بن یەک دەر هێنا

– کوانێ دایە؟ ئەو سەڵیتە لە کوێیە؟

– هەرا هەرا… ئەوە ئاگات لە خۆتە کەرە شێت؟

– ئەرێ وەڵا ئاگام لە خۆمە، ئێوە ئاگاتان لە خۆتان نییە

– هاوسێ و دراوسێ مەهێنە سەیرمان

– هاوسێ…؟ هەهەهەهە ئەوە خەڵکی شارەکە هاتوونەتە سەیرمان

– وا مەکە ڕۆڵە گیان، ئادەی بۆ دایکی خۆتی بڵێ بزانم چی بووە

– وست بە دایە هەمووی خەتای تۆیە تۆ وات کرد لەو کچە

– دەمت داخە عەمرت نەمێنێ

– …

– ئەوە پێم نەوتی ماقوڵ بی ؟

– چی بووە کاکە گیان؟

– کاکە و زەهری مار

– ئای سەرم … کاکە تۆخوا وا مەکە ئا بە نۆکەرت بم ئا بە قوربانی کەوشەکانت بم

– وست بە هەی قەحبەی بێ ئابڕوو

– کەریم بە قوربانت بم وێڵی کە… کەریم کوشتت

– وێڵم کە ئەم هیچ و پووچە ئابڕووی بۆ نەهێشتوومەتەوە

– کچەکەت خنکان … بۆ خاتری خوا فرا کەوەن کچەکەی خنکان ئەی هاوار خەڵکینە فرایا کەوەن

– ئەی قەحبەی ماڵان گەڕ

– …

– ئەی هاوار بەسە کوشتت بەخوا شێن هەڵگەڕا کچەکە

– درۆ ئەکات ئەم مارە تۆپیوە

– هەک ڕەبی ڕۆڵە جوانە مەرگە بی کچەکەت کوشت، هەناسە ناکێشێت… خنکانت 

– ئا هەستە بزانم

– هەناسە ناکێشێت، ڕۆڵە ڕۆ

– چیمەن… چیمەن…

– …..

– ئەلۆ؟

– بەڵێ

– سەیزادە گیان سڵاۆ

– سڵاو زێنەب گیان چۆنی؟

– لە بەرت مرم سەیزادە گیان، منداڵەکانم چۆنن؟

– باشن. جەرگت نەسووتی

– کاکە فایەقم لەماڵە؟

– ئەرێ وەڵا ئەوە دانیشتووە  

– دا بۆم بانگ دەکەی؟

– بەچاوان، لە کاک کەریم بپرسە

– لە سەرت گەرێم

– گیانەکەم ؟

– کاک فایەق چۆنی ؟

– چۆنی زێنەب گیان؟ کەریم چۆنە؟

– باشە دوعات دەگەیێنێ، راستی کاک فایق گیان ئەمڕۆ کەریم هاتەوە سفارشەکەی تۆم پێ گەیاند

– کامە ؟

– ئەوە وا وتت کوڕی علی قاییشت لە گەڵ چیمەنی خۆشکی دیەوە

– ڕۆڵە من کەی شتی وام وتووە؟

– ئەیەڕۆ کاکە فایەق ئەم بەیانییە لە ناو گوزەر چی بوو پێت وتم؟

– ڕۆڵە گیان بۆ قسەی پیاو خوار و خێچ ئەکەن؟ من وتم کوڕی علی سەگ بابم دیوە دوێنی بە فیکە فیک و حیزە حیز دوای چیمەن کەوتبوو، ئەو کچە فەقیرەیش لە ترسان ڕەنگ بە روویەوە نەمابوو، پێم وا بێت جاری یەکەمیشی نەبوو کە ئەو کارەی دەکرد. من وتم بە کەریم بڵێی هەڕەشەیێک لەو هەتیوە بەڕەڵایە بکات واز لەو کچە داماوە بێنێت.

سەرجەم ئەو ناوانەی کە لەم نووسراوەدا هەن دروست کراوی مێشکی خۆمن و لە دونیای دەرەو بوونیان نییە 

ژێر خانە کۆنەکەمان

زۆر بە باشی نازانم کە تەمەنم چەند ساڵ بوو بەڵام هەر پێم وابێت پازدە یا شازدە ساڵ دەبووم لە ماڵێکی دوو قاتی دا کرێنشین بووین ، ماڵەکە موڵکی چەند خۆشک و برا بوو کە بە میرات بۆیان مابووە و هەرتاوێک یەکێکیان دەستان بە سەر دا دەگرت. ئاخریش نەمزانی کە کێ خاوەنی ئەو ماڵەی و کێ تەرەف حیسابی ئێمەیە باوکم هەموو سەری مانگ کرێ ماڵەکەی دەبرد بۆ دووکانی کاک رەسووڵی بەقاڵ و لەوێ حیساب و کتێبی لە گەڵ دەکرد.

تازە تەمەنم گەیشتبووە ئەو کاتەی کە گوێم لە گۆڕانی دەگرت و پێم خۆش بوو کە شوێنێکی تایبەت بە خۆمم هەبێت پێم وا بوو دەبێ توزێک لە بنەماڵە دوور بکەومەوە تا بتوانم بە دڵی خۆم  گوێ لە گۆرانیەکانم بگرم و لە گەڵ هاوڕێکانم دانیشم گەمە بکەم و لەو شتانە زۆر جاران دڵم بۆ خۆم دەسووتا دەم دی کە لە ناو فیلم و شتی وا دا کوڕانی هاوتەمەنی من ژووری خۆیانیان هەیە و بە دەنگی بەرز گوێ لە گۆرانی دەگرن و وێنە لە دار و دیواری ژورەکەیان دەدەن، ئەو ساڵانە من خولیای دەنگی شوان پەروەر بووم و بەو دەنگە ناخۆشەی خۆمەوە پڕ بەو ماڵە لەگەڵی دەمگووتەوە جا دایکم هاوارێ لێ هەڵ دەستا و لە لای باوکم شکایەتی لێ دەکردم. پێم وابێ زیاتر لە دە جار کاسێتی گۆرانیەکانی لێ شکاندووم و بە سەر و گوێلاکمی دا دەدا، چارە نەبوو دەبوو بەقسەی ئەوان هەڵس و کەوتم کردبا.

رۆژێک یەکەێک لەو کەسانی کە بە جورێک خاون ماڵەکە بوو و بە حیساب ئەو بڕیاری بەکڕی دان و پارێزگاری لە ماڵەکە بوو هات لە درگای دا و نازانم داوای چی لە دایکم دەکرد و دایکیشم لە گەڵی قسەی دەکەد پێم وابی باسی ئەوەی بۆ کردبوو کە بریا ماڵەکە توزێک گەورەر بوایت و خۆزگە ژوورێکی تری بوایەت و لەم قسانە کە کورەکان تێدا حەوابایەتنەوە، ژنەیش بانگی کردم وتی باشە کاکە گیان بۆ ئەو ژێر خانە ئاوەدان ناکەیتەوە بۆ خۆت؟  نازانی چەندەم پێ خۆش بوو دەڵەی ئەو دونیایان بە ناوی منەوە کردبوو. یەک و دووم لێ نەکرد و دەستم بە ئاوەدان کردنەوەی ژێرخانەکە کرد. نازام ئەوە هەموو شتە بێ کەڵکە چی دەکرد لەوێ لە پووتە نەوتی دەورەی قایش پاشاوە بگرە تا دێزە و دەرخۆنە، بە هەر حاڵ دەبوو هەمووم چارە سەر کردبا.

ئەو شەوە تا خەوم لێ کەوت یەک هەزار پلانم بۆ دانا و لە خەیاڵەکانی خۆم دا لە کاخی شاهەنشاهی خۆشتر دەهاتە پێش چاوم. بەیانی لە گەڵ هەستام دەستم بە خاوێن کردنەوە کرد و بەتووای هێزەوە دەستم بە سازکردنی ئەو ژوورە کرد بە درێژای تەمەنی ئەو ژێرخانە داماوە هەر کەس هاتبوو و کۆمەڵێک خرتکەو پرتکەو شتی بەکار نەهاتووی لێ فڕ دابوو و دار و دیوارەکەیشی بە کەیفی دڵی ئێوە رەش و پیس بوو، بە تەنیا خۆم بۆم جێبەجێ نەدەکرا و پێویستم بە یارمەتی بوو چەند هاوڕێ نزیکی خۆمم بانگ کرد و داوای یارمەتی بۆ خاوێن کردنەوە و ساز کردنی ئەو ژوورەم لێ کردن و بەوانیشم وت ئەم ژێرخانە دەبێتە شوێنێک کە دەتوانین لێی بحەسینەوە ئەوانیش وێڕای من دەستیان بە کار کرد. دوای چەند رۆژ کارەکانی روو لە تەووا بوون و لە رێژخانێکی پیس و پۆخڵەوە دەبوو بە ژورێکی خۆش بۆ دانیشتن و خەڵوت کردن. پێم وا بێت زیاتر لە دە رۆژ خەریک بووین تا توانیمان بیکەینە ژوورێکی خۆش.

کاتی حەسانەوە و راخستی کە هات دڵنیا بوومە و کە ئەو هەموو خاوێن کردنەوە و خۆش کردنە دەبێتە هۆێ ئەوەی کە تێدا بحەسێمەوە. رۆژێک کە لە مەدرەسەوە هاتمەوە ماڵێ دیم دایکم هەر لە دەم درگاکەوە بانگی کردم و وتی ڕۆڵە دا وەرە بزانە تووشی چ بەزمێکت کردووین زۆر بە سەیری وتم چی بووە؟ دایکم وتی ئەمرۆ خاوەن ماڵەکە هاتبوو و نازانی چ بەزمێکی پێ گرتن، وتم باشە بۆ؟ وتی وەڵا جا چیت عەرز بکەم قوربان دەیوت کێ ئیزنی بە ئێوە داوە دەست بۆ شتی ئەو ژێخانە بەرن و ئاوا ئەو هەموو شتەی لێ بزر بکەن بۆ ماڵی خەڵک وێران دەکەن؟ بۆ بە بێ پرسی خاوەن ماڵ کاری واتان کردووە؟ وتم باشە دایە مەگەر ئەو ژنە خۆی نەیوت خاوێنی کەوە بۆ خۆت؟ دایکم وتی ژنی چی ئەو هیچ کارەیە خاوەن ماڵەکە کەسێکی ترە و ئەو ژنە لە خۆیە خۆی کردبووە خاوەن ماڵ لە ئێمە و مەپرسە کابرا چی دەکرد ئەی وت نازانن تۆشی چ زەرەرێکتان کردووم دەبێ هەمووم بۆ ببژێرن هەر وا لێتان خۆش نابم و دەبێ بۆم چاک کەنەوە. وتم باشە بە خێر فڕدانی ئەو هەموو شتە بێ کەڵکە زەرەرە و خاوێن کردنەوەی ئەو کەلاوایە خراپ کردن بووە؟ جا ئەوە هەموو شتەکانی لە ژێرخانە چکۆلەکەدایە هیچ دەستی لێ نەدراوە و هەمووی لە بەر دەستانە . لە ناکاۆ لە دەرگایان دا، کاک رەسوڵی دووکان دار بوو هاتبوو بۆ گلەی کردن و بە دایکمی وت کارتان بە ماڵی خەڵک چییە ؟ بۆ ماڵی کابراتان وێران کردووە؟ دایکم وتی کاک رەسوڵ گیان لە کەنگێوە خاوێن کردنەوەی ماڵ بووە بە ماڵ وێرانی؟ وەرە چاو لێ بکە بزانە ئەو کوڕە داماوە چی لەو ژێرخانە کردووە. کابرا هات و چاوی لێ کرد وتی: شا ئەو نەقڵە ئەو خەڵکە بۆ وا دەکەن وەڵا نازانی هاتبوو چی بە من کرد باشە خۆ ئێوە پیاوەتیتان لە گەڵ کردووە، جا وەرە چاو لەو پەندەی بە منی دا ئەو کابرا دەی براژن من ئەرۆم و بێ جێ هێشتین.

ئەوە شەوە تا بەیانی لە حورسی خۆم دا خەوم لێ نەکەوت و هەستم دەکرد کە هەموو کارەکانم بێ سوود بووە و نەم دەزانی چۆن جوابی هاوڕێکانم بدەمەوە. بەیانی نا بەیانی کابرا لە دەرگای دا و وتی من هاتووم پێتان بڵێم کە من ئەم ژێرخانە بە کرێ دەدەم و برازایێکی خیزانم دێت و دەرسی لێ دەخوێنی. باوکم بە کابرای وت کاکە ئێمە ئەم ماڵەمان ئاوا لە تۆ وەر گرتووە و ناتوانی کەسی تریش بێنیتە ئەم ماڵانە، کابرا پای بە کەوشێک دا کردبوو کە ئەوە ماڵی خۆمە و هەرچی پێم خۆش بێ وا دەکەم. لە کۆتای دا وای لێ هات ئێمە ئەو ماڵانەمان بە جێ هێشت و چوینە ماڵێکی دیکە کە لەوێ بوومە خاوەن ژووری خۆم و بە دەیان قات لە ماڵی ئەو کابرا خۆشتر بوو.

دەببوو فێر بووبام کە پێش ئەوەی کە دەست بدەمە ئاوەدان کردنەوەی هەر شوێنێکی رووخاو یا خاوێن کردنەوەی شوێنێکی تایبەت لە پێش دا بچم و ساعەبی ئەسڵی ئەو شوێنە پەیدا بکەم و بی ناسم و ڕاستوخۆ ئیزن لە خۆی وەر گرم نەک لە سەر قسەی کەسێک کە خۆی بە خاوەن شتەکە دەزانێت

پشتگیری لە زیندانی سیاسی ئەرکێکی نەتەوایەتییە

بە درێژای مێژووی خەباتی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان کومەڵگا پشتیوان و هاوکار و هاوکات بووە لە گەڵ ئەو تێکۆشانەدا، باشترین ڕۆڵەکانی خۆی کردۆتە قوربانی ئەو ئامانجە و بە سەر و ماڵەوە پشتگیری لێ کردووە وهیچ کات کۆمەڵگا پشتی لە خەباتی چالاکان نەکردووە و بە تەواوی هێزیەوە یارمەتی دەری ئەو هەوڵە بێ وچانە بووە. زۆر بە دەگمەن هەڵ دەکەوێ کە سەردانی بنەماڵەیەکی کوردستانی بکەیت و چیرۆکێکی لە بەشداری کردن لە خەبات و تێکوشان بۆ ئازادی تێدا نەبێت. 

بە ئاوڕ دانەوەیێک لە بارودۆخی چەند ساڵی ڕابردوو بۆمان دەر دەکەوێت کە ناڕەواترین و ناپەسەندترین هەڵسووکەوتی سیاسی و مەدەنی لە گەڵ هاووڵاتییانی کوردستان کراوە ئەم شێوازە هەڵسوکەوتەی سیستێمی دەسەڵاتداری لە گەڵ خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی هەرە بەرزی خۆی دایە، وەک ئاشکرایە لە هەموو کەسێک لە بواری مەدەنی و ئابوورییەوە لە هیچ هەوڵ دانێک بۆ گۆشار خستنە سەر خەڵک درێغی نەکراوە لە ملیتاریزە کردنی کوردستانەوە بگرە تا تەقە کردن لە کۆڵبەران و کاسبکاران، رێگە لە خۆێندنی گرتنی خۆێندکاران و زۆر بە ئاشکرا لە ناو کۆڵان و بازار دا بێ‌ڕێزی بە خەڵک دەکرێت و لە بەر چاوی تەواوی دونیا کاسبکارەکانمان دەدرێنە بەر گولە و تەنانەت بەزەیی بە ئاژەڵە بەستەزمانەکانیشیان ناکردرێ، ژینگە و شاخ و داخەکانی وڵاتەکەمان ئاور تێ بەر دەدەن و دارستانەکانمان کە میراتی باو و باپیرمانە و هەزاران ساڵە وێڕای وەشکە ساڵی بەدیاری بۆمان ماوەتەوە پێمان بە ڕەوا نابینن، سەرجەم ئەم هەڵوێست و کارەناپەسندانە لە پێش چاوی خەڵک دەکرێت.

لەو پەڕی دیوارە بەرزەکانی زیندانەکانەوە بەندکراوێکی سیاسی کە گەورەترین تاوانی هەیە لە قامووسی رێژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامی دا،چ چاوەڕوانیێک بۆ پاراستنی مافەکانی و ئەشکەنجە و ئازارنە دانی هەیە؟ چ دڵنیایەک لە ئینسانی بە ڕێوە چوونی بار و دۆخی لێ کۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەتیکەکان بە نیسبەت زیندانیانی سیاسییەوە هەیە؟ لە هیچ کەس شاراوە نییە کە رەوشی زیندانیێکی سیاسی لە نێو گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی دا چۆنە، لەو سیستێمەدا پاراستن و پارێزگاری لە مروڤی سیاسی بوونی نییە و بە دەڕەندانە ترین شێوە هەڵسووکەوت لە گەڵ بەندکراوی سیاسی دا دەکرێت.

ئەوەی کە جێگای ئامەژەیە ئەوە کەسانەی کە ئێستا وەک بەندکاراوی سیاسی لە گەتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی دان دوو تایبەتمەندی گەورەیان هەیە لە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە. یەک ئەوەی کە ئەو کەسانە لە پێناو پاراستن و درێژەدان بە خەباتێک کە بۆ ئەو کۆمەڵگا دەکرێت قۆڵ بەست کراون، دووهەمینیشی ئەوەیە کە ئەو کەسانە ڕۆڵەکانی ئەو ئاو خاکەن کە بێگانە و نەناسراو نین بۆ ئێمە و سەرجەم کومەڵگای کوردی. ئەوە کەسانە بە بێ لە بەرچاو گرتنی ئەو هەموو هەڕەشە و زەبر و زەنگە قارەمانانە لە بەرانبەری داگیرکەران راوەستاون و ئازاری ئەشکەنجە و زیندان و سێدارەیان بە گیان کڕیوە و بێ باکانە لە سەر ئامانجەکانیان سوورن و چۆکیان بۆ کەس دانەداوە، لە گرتووخانەکانەوە دەرسی ئازادییان بە دیاری بۆ خەڵک ناردووەتەوە و چیرۆکی بەرخۆ دانیان بۆ نەسلەکانی دوارۆژ نوسیوە.

پشتیوانی لەو کەسانە نە تەنیا چاوەڕوانییێکە کە لە کۆمەڵگا دەکرێت بەڵکوو ئەرکێکی نەتەوییە لە سەر شانی هەر تاکێکی کورد، کاتێک دەبیندرێت کە مروڤێک گیانی خۆی فیدای ئەو میلەتە دەکات لە بەرانبەریشی دا چاوە ڕوان دەکرێت کە ئەو خەڵکەیش پشتیوانی لێ بکەن و بە دەسەڵاتی نیشان بدەن کە ئەوانە رۆڵەی ئێمەن و رێگەتان پێ نادەین کە بە ئاسانی بڕیاری کوشتن و لێدان و گرتنیان دەر بکەن و نیشان بدرێت کە خەڵک بە تەواوی هێزی خۆیەوە پشتیوانی ئەو کەسانەیە و هەڕەشەکانیان بایەخی نییە لە لای ئەوەن.

بۆ ئێحسان فەتاحیان

سڵاو هاوڕێ، چۆن بیرت لێ بکەمەوە؟ بەکامەتاوان بتهێنمە پێش چاوم؟ لاوێکی باریکەڵە بە سەر سێدارەوە کە بە بزەی لێو چاوەڕێی پشکوتنی خونچەی خۆرەتاو ئەکات؟ یا ئەو منداڵە پا پەتییەی  گەڕەکی لای خوارەوە کە دەیویست مزگێنی نان بۆ سەر سفرەی خەڵک بەرێت.

                                                                                        “فەرزاد کەمانگر”

ئێحسان درێژە دەری چیرۆکی بەرخۆدان و گیان فیدا کردن لەپێناو ئازادی بۆ نێشتمان و وڵاتی داگیرکراومانە ، زامێکی قووڵ لە پەنجەرەی چاوەکانی هەموو دایکانی ئەم وڵاتە و کسپەیێک لە جەرگی باوکەکانمان ، برای جوانە مەرگی هەموو خۆشک و براکانمان و ئاواتی لە دەست چووی هەموو هاوڕێکانی دوای ئێحسان جوگەلە ئاوەکانی زڕگوێز رێگاکانیان گوستەوە لە بەر ئەوەی شوێنی هەنگاوەکانی بمێنێت و وە بیرمان بێنێتەوە کە ئەوەیش تێکەڵ بە کاروانەکە بوو ئەو کاروانەی وا دەیان ساڵە گوڵ بژێری ڕۆڵەکانی ئەم ئاو و خاکە دەکات.

سەر لە بەیانی رۆژ دووشەمە ١٨ خەزەڵوەڕ هەواڵ هات کە ئەگەری لە سێدارە دانی ئێحسانی فەتاحیان هەیە لەو پەڕی ناباوەڕی دا دەڵ خۆشی خومم دەداوە کە نا، تازە سەردەمی لە سێدارە دانی چالاکی سیاسی نەماوە چەند ساڵێکە هەر هەڕەشە و گوشارەکی ماوە بۆ ڕۆخاندنی ورەی زیندانی و چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا یا خۆ ئازاری بنەماڵەی چاو لە حوکمی نا دادوەر و هەزار فێڵ و کەڵەکی تر بۆ هەڵ سەنگاندنی بارو دۆخ کوردستان یا هەزاران ئەگەری ترە، بەڵام ترسەکە دەقە بە دەقە زیاتر دەبوو لە لایێکەوە ئەوە بێ دەنگییەی کە چەند ساڵ بوو لە ئێران بەردەوام بوو کۆتای پەی هاتبوو و بار و دۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی دەوڵت لە گەڵ خەڵک لە خراپترین وەزعی خۆی دا بوو و دەسەڵات ناچار بە گوشار خستنە سەری زیارتربۆ سەر کۆمەڵگا و چاوترسێن کردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، کەسیش باشتر لە کورد پەیدا نەدەکرا بۆ قوربانی کردن لە بەر ئەوەی نیشانی بدەن کە بە خراپترین شێوە بەرانبەری ناڕازییان دەبنەوە.

سەرجەم ڕاگەیاندی کوردی و چالاکان و هاوڕێیان دەستیان کردە هەوڵ دان بۆ پاراستنی گیانی ئێحسان کەس بێ دەنگ نەبوو هەموو بەیەک دەنگ هاواریان بۆ پاراستنی گیانی دەکرد، هاوکات لە گەڵ چالاکی دڵە ڕاوکێ و چاوەڕوانییێکی تاڵ بۆ هەموان. سەرجەم پەیوەندییەکان لە گەڵ گرتووخانی سنە پچڕابوو کەس وڵام دەر نەبوو پارێزەکەیشی دڵخۆشی دەدا کە هەوڵ دەدەین کە رێگە لە ئیجرای حوکمەکەی بگرین .

شەوی چوار شەممە یەکەێک لە ناخۆشترین شەوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بوو بە تەوای هێزەوە هەوڵمان بۆ ئاگاداری دان و پەیدا کردنی ڕێگایێک بۆ پاراستنی گیانی ‌هاوڕێیێک، کاتژمێر وەک گێژەڵووکە هەڵ دەسووڕا و بەرەبەیانی نزیک دەخستەوە هەر هیوا دار بووم کە بەیانی کە رۆژ دەبێتەوە هەواڵێکمان بە دەست بگات کە حوکمەکە جێبەجێ نەکراوە و ئێحسانیان گەڕاندووەتەوە نێو بەندی گشتی زیندانی سنە، تا بەیانی خەو نەهاتە چاومان تاو تاو هەستی بێدەسەڵاتی رووی تێ دەکردین و جار جاریش قەولی مزگێنی باشمان بۆ هەواڵی خۆش بە یەک دەدا، هەر چی بوو ئەوەی کە چاوەڕوانی ئاوا هەواڵێک بیت پڕ بوو لە ئازار.

بەیانی سەعاتی ٦ بە کاتی تاران هەواڵ هات سەرلە بەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی سنە لاوی کورد ئێحسان فەتاحیان بە تاوانی موحاربە لە سێدارە درا، ئەمە لە حاڵێک دا بوو کە بنەماڵەی چاوپێکەوتنیان لە گەڵ نەببوو و کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی هاوکات لە گەڵ ئەو دەستیان دابوو مەنگرتنێکی گشتی  و کومەڵگای نێونەتەوی و ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ پشتگیرییان لێ کردبوو بەڵام بەداخەوە دوای چەند سەعات گەڵکویێک بە بنەماڵەی نیشان درا و ئەستێرەیێکی تریان کوژاندەوە.

یادی ئەو خۆشەویستە بەردەوام هەر لە گەڵمانە و ئەوە و تەوای ئەو کەسانی کە لەم رێگا دا گیانیان بەخت کردووە پتەوترمان دەکات بۆ هەوڵ دان و ماندوو نەناسی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ، داگیرکەران وا دەزانن کە بە ئەم چەشنە کارانە دەتوان ترس بخەنەنێو دڵمانەو و دڵساردمان بکەنەوە لە خواستە ڕەواکانمان بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە کە بگەینە ئامانج و دوژمی یا سەرکەوتن یا سەرکەوتن هەڵ بدەین.

 

بێ جیاوازی

وەکوو ئاگادارن زیاتر لە ٥٠ رۆژە کۆمەڵێکی زۆر لە بەندکراوانی سیاسی کورد لە زیندانەکانی تورکیا مانیان لە خۆاردن گرتووە، بە پێی زانییارییەکان ژمارەیان دەگایە دەوری هەزار کەس و هاوکات لە گەڵ ئەوان زیاتر لە نۆهەزار کەس بە نۆبە مانیان گرتووە. بە سەردانێکی ماڵپەڕە کوردیەکان و بەتایبەت تۆڕەکۆمەڵگاییەکان وەکوو فەیس بووک و تویتێر و … کۆمەڵێک زانیاریمان لە سەر ئەو چالاکییانە دێتە دەست و ئاگاداری دۆخەکە لە باکور دەبین.

هاوکات لە گەڵ چالاکانی سیاسی لە باکوور لە پارچەکانی تری کەردستان بە شێوازی جۆراوجۆر پشتیوانی و ناڕەزایەتی خۆیان لە دۆخی مانگرتووان ڕاگەیاندووە، لە باکوور و رۆژئاوا بە هەزاران کەس هاتوونەتە سەر شەقامەکان و دەسەڵات و دەوڵەتی تورکیەیان شەرمەزار کردووە و خەباتی مەدەنی دژ بە دەسەڵات بەردەوامە هاوکات لە گەڵ ئەوەان لە پارچکانی تریش جموجۆڵێک لە نێوان چالاکانی سیاسی و مەدەنی دا بەرچاوە تەنانەت لە ناوخۆی رۆژهەڵات و لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دا کۆمەڵێک لە بەندکراوانی سیاسی و کەسایەتییە ناسراوەکان بۆ پشتیوانی لە برایانی خۆیان لە باکوور مانیان لە خواردن گرتووە و خوێندکاران و خەڵکی سڤیلیش خۆیان بۆ دەربڕینی نارەزایەنی ئامادەکردووە.

میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی بە شێوازی تایبەت لە سەر ئەم دۆخە دەدوێن و میدیا بێ لایەنەکان  ڕاگەیاندنیان لە سەر ئەو چالاکییانە هەیە و بەردەوام باسی دۆخی مانگرتوان  دەکەن. هەوکات لە گەڵ ئەوان ڕاگەیاندن و میدیای باکوور بێ وچان باس لە چالاکییەکان و دۆخی مانگرتوان و پڕۆگرامی یاتبەتی ساز کردن و لە رەوتی نۆڕماڵی پڕۆگرامەکانی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە و بەگشتی سەر جەم ڕاگەیاندنەکانیان لە سەر ئەو دۆخەیە، بە پێچەوانە میدیا کوردیەکانی سەر بە حیزبە رۆژهەڵاتیەکان جیا لە چەند لایەنێکیان هەواڵەکانیان بایکۆت کردووە و بە هیچ جۆر باسی لێ ناکەن و خۆیان دوور گرتووە.

ئەم بایکۆتەی ئەو لایەنانە لە حاڵێک دایە کە ئەو لایەنانە خۆیان بە خاوەنی مێژووی خەباتی مەدەنی نە لە کوردستان و ناوچە بەڵکوو لە جیهان دا دەکەن و لە مانگەکانی ڕابردوودا لە جەریانی بەهاری عەرەبی دا بەسەعات باسیان لە کۆبوونەوەکانی خەڵک لە مەیدانی تەحریر و ئاڵ وگۆڕەکانی لیبی و تونێس دەکرد. بەڵام هەر لە لای دەستی خۆیان برایانی هاوزمان و هاوڕێ کوردی خۆیان بە ملوێن کەس لە ئامێد و وان و شڕناخ میتینگ و نارەزایەتی مەدەنی دەردەبڕن بەڵام دەنگ نییە و بایکۆتی دەکەن.

بە پێچەوانە بێ جیاوازی چالاکانی مەنەدی و سیاسی رۆژهەڵاتی لە دەستپێکەوە هاوکات لە گەڵ برایانی خۆیان چالاکیان بووە و خۆیان دوور نەخستوەتەوە هەر وەها لە زۆر شوێنیشەوە هێرش کراوەتە سەریان و بە ئەندامانی فڵانە حیزب و تەنانەت بە خۆ فرۆش و زۆر شتی تر ناوبرد کراون و دژایەتی لە گەڵ چالاکیەکانیان کراوە .

ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردی لە هەر چاور پارچە بەو ئاستە لە رووناک بیری گەیشتوون کە کوردانی پارچەکانی تر جیاواز لە خۆیان نازانن و کێشەی خۆیان و ئەوان بە یەک دەزانن و هەوڵ بۆ یەک گرتن و نزیک بوونەوە لە یەک دەکەن و دەیان هەنگاو لە پێش حیزبەکانەوە بیر دەکەوە و بە جوانی ئاگاداری سەرجەم ئاڵ و گۆڕەکانن، هیوا وئاواتی یەک گرتووی و ئامەتی بۆ یەک دەخاوزن، هەر چەند بیر و ڕای جیاوازیش لە ئارادا    هەیە بەڵام بە گشتی کۆمەڵگا داواکاری یەکیەتی لە حیزبەکان دەکات و هەنگاوی بۆ هەڵ دەگرێت

دەردی بێ وڵاتی

ئەم شەو26.10.2012 لە سەر داوای کۆمەڵەی نەتەوەی شارەداری شارەکەمانەوە کۆبوونەوەیێک مان هەبوو، بە پێی ئەو بڕیارەی کە درابوو هەر کەس کۆمەڵێک زانیاری لە سەر وڵات و کولتوری خۆی بە بەشداربووان پێشکەش بکات. زۆربەی جەماوەری بەشداربوو لە وڵاتانی ئافریقای بوون و بەشێکیش لە روژهەڵاتی ناوین و چەند کەسێش کە بەرمە و تەبەتەوە هاتبوون.

دوای ئەوەی کە سەروکی ئەو بەشە بەخێر هاتنی خەڵکەکەی کرد وتارێکی سەبارەت بە یەک گرتووی و ئاشتی گەلان پێشکەش کرد، دواتر چەند گروپی تر هاتن و موسیقا و گۆرانییان پێشکەش کرد، لە کۆتای دا نۆبەی ناساندنی وڵاتەکانمان هات و هەر کەس وڵاتی خۆی بە بشدار بووان ناساند و کۆمڵێک زانیارییان سەبارەت بە کولتور و بارو دۆخی سیاسی وڵاتەکەیان خستە ژێر باس چەند شتی سەرەکی لە وتاری هەموویان دا هەبوو ئەوەی کە وڵاتی خۆیان زۆر خۆش دەوێت و بە ناچار لە دەستی دیکاتۆرێک کە زاڵە بە سەر خەڵک دا هەل هاتوون و پەنایان بۆ ئەم وڵاتە هێناوە و سپاسی دەوڵت و خەڵکی نۆروێژیان کرد.

ئەوەی کە جێگای سەرنج بوو من و چەند کەسی تر خاوەن وڵات نەبووین و نەیشمان دەویست خۆمان بە هاووڵاتی ئەو وڵاتە داگیرکەرانەی کە وڵاتەکامانیان لێ داگیر کردووە  بناسێنین  کوردستان، بەشێک لە ئیتیۆپی و برمە، باش دەمان زانی کە کارێ ئێمە لە هەموو کەس دژوار ترە بۆ ئەوەی لە ناو بەشدار بووان دا کەسانێک دژ بە بیرو بڕوای ئێمە بوون. نۆبەی ناساندنی کوردستان هات  وتارەکەم ئاوا دەست پێ کرد: من خەڵکی کوردستانم و وڵاتەکەم لە رۆژهەلاتی ناوین دایە پتر لە پەنجا ملوێن کەسین و بە درێژای هەزاران ساڵە لەو ناوچەیەدا دەژین خاون زمان و کولتوری تایبەت بە خۆمانین، بەدرێژای مێژوو نیشانمان داوە کە خەڵکێکە ئاشتی خوازین و هێرشمان نەکردووتە سەرهیچ میلەتێک و بێ رێزیمان بە کەس نەکردووە بەڵام بە پێچەوانە درواسێکانمان تا ئەو جێگای بۆیان کراوە ئازاریان داوین و لە هیچ زۆڵمێک بەرانبەر بە ئێمە کۆتاییان نە کردووە، نەورۆز رۆژی نەتەوی مانە و دۆڵمە و بەربەسێڵ لە بەناوبانگ ترین خواردنەکانمانە، ژنانمان جل و بەری رەنگین لە بەر دەکەن و پایاوانمان پشتوێن توند دەکەن و … لە کاتی پێشکەش کردنی وتارەکەدا کە بەراستی قورس و گران بوو بۆ منێک کە زمانی نۆروێژی باش نازانم چاوم لە جەماعەتەکە بوو زۆربەیان دەیان زانی کە کوردستان لە کوێیەو چۆنە و کورد کێیە، بەشێکیش هیچ بۆیان گرینگ نەبوو کە کێن و لە کوێن و چی دەکەن، چەند کەسیش بە زۆر خۆیان ڕاگرتبوو و لە بەر خەڵکەکە روویان نەبوو کە بێن و هەر لەوەی بمنام کوژن.

لە گەڕانەوە بۆ سەر شوێنی دانیشتنەکەمان یەکێکیان خۆی پێ نەگیرا و بە زمانی تورکی وتی شیێک بە ناوی کوردستان بوونی نییە، ئەوی تر بە فارسی وتی کورستانی چی مەگەر ئەوە خاکی ئێران نییە؟  دیسان نەقڵەکەیە… لە گۆشەیێک لێمان بووە دەمە قاڵە و دەلیل و بورهان بۆ یەک هێنانەوە. دوای ماوێیێکی زۆر قسە کردن بەو قەناعەتە گەیشتن کە دەبێ رێز بۆ بۆچوونی من دابنێن و لە بەر ئەوەی کە ئەوان بۆیان نییە هەڵوێستی رەگەزپەرەستانە بگرن، لە بەشێک  لە باسەکە دا باسی ئەوەم بۆ کردن کە ئێوە پێش ئەوەی کە ئاوا چاو لە من سوو بکەنەوە دەبێ بڕۆن چاوێک لە مێژوو و ئاڵ و گۆڕە سیاسیەکانی وڵاتەکانیان بەکەن بزانن کە چۆن بوون لە بەرانبەر کورد دا و چ بەڵایێکیان بە سەریان دا هێناوە. هەر چەند کە بە قەولی کوردی خۆمان یاسین بە گوێی کەر خوێندن بوو بەڵام زانیان کە من زۆر سوورم لە سەر قسەی خۆم و بە داوی لێ بوردن کۆتاییان بە باسەکە هێنا. لە کۆتای کۆبوونەوە کەدا بەشدار بووان خواردنی وڵاتەکانی خۆیان دانا بوو کە هەر کەس بێت و تامی بکات بەشی خواردنی کوردی لە هەموو بەشەکانی تر قەرەباڵخ تر بوو تامەی خواردنەکانیان پێ خۆش بوو و ئەوەی وا دیار بوو بێزیان لێ نەدەکرد، بێش ئەوەی کە کۆتای پێ بێت لە دوورەوە چاوم لە خەڵکەکە دەکرد و بیرم لەوە دەکردەوە کە باشە بۆ دەبێ ئاوا بێت بۆ دەبێت بۆ ناساندنی وڵاتەکەمان دەبێ پێشەکی خۆمان بۆ شەڕ و دەمەقاڵە حازر بکەین و هەزاران پرسیاری تر.

بەڵام دیسان هەر دڵخۆشم بۆ ئەوەی کە دەرفەتم هەیە وڵاتەکەم بناسێنم بۆ ئەوەی کە رێگام هەیە باس لە کولتور و مێژووم بکەم، ئەمەیش بەشێک لە بەرخۆ دان و خەباتەکەمانە دەبێ خەڵکی دوونیا بزانن کە ئێمە کورد خاون وڵاتی خۆماننین و کوردستان مڵکی کوردانە.

دەستپێک

ماوەیێکی زۆر دوور و درێژە پێوەم وێبلاگێک بکەمەوە و ئاوا جار و بار دەست بە نووسین و قسە و باس بکەم ، هەر جارە بە بیانویێک خۆم لێ دوور دەخسەتەوە و تەنانەت چەند جاریش دروستم کرد و تێکم داوە و هیچم لێ نەنووسی. نەم دەزانی کە چ ناوێکی لە سەر دابنێم و یا خۆ لە  چ بوارێک تێیدا چلاکی بکەم یان  بنووسم بەڵام لە گەڵ خۆم بەو قەناعەتە گەیشتم کە تاقە بۆ نووسینی  روژانە  یا خۆ رووداوەکانی ژیانم بێت . بە تەمەنی لاوی و گەنجی ئەم کارەی کە ئێستاهەوڵی بۆ دەدەم  بیکەم لە دەفتەرێک دا دەمکرد و لەوێ شتەکانم دەنووسی بەڵام لە حەوت کوون دەم شاردەوە کە کەس نەی بینێ یا دەستی کەسی پێ نەگات دوو سێ جار لە سەر ئەوەی کە هەوڵیان دابوو پەیدای بکەن یا بیخوێنننەوە کە گەڵ خۆشک و براکانم لێم دەبوو بە شەڕ و تورێکی دەما ورگیان هەڵ بدڕم. بەڵام ئێستێ لام وایە کە دەبێ لە بەر دەست بێت و هەموو کەس بتوانی بیبینێت و بیخوێنێتەوە لە بەر ئەوەی بەڵکوو سودێکی بۆ کەسێک هەبێت یا هەر ئەوەی دۆستان برادەرانی خۆم لەم رێگاوە ئاگایان لێم بێت و بزانن کە حاڵم چۆنە و نووسراوەکانیشم بزر نابێت و لە شوێنێک دەمێنێتەوە . ئەمە یەکەم پۆستی ئەم وێبلاگەیەوە و پێوەم بەردەوام شتی تێدا بنووسم